بەهێزکردنی سەرکردەکانی کۆمەڵگا عێراقییەکان لەڕێی ڕاهێنانی تایبەت بەگشتاندنی یەکسانی ڕەگەزییەوە

2021 November 25

وێنە: بەشداربووانی ڕاهێنانەکە. 2021

یەکسانی ڕەگەزی وەکو بناغەیەكە بۆ کۆمەڵگای ئاشتیخواز و گشتگیر. لە ڕۆژەکانی 7-9 و 11-13 ی مانگی تشرینی دووهەمدا، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ ئەکادیمیای فۆڵک بێرنادۆتدا دوو ڕاهێنانى سێ ڕۆژەیان لەسەر گشتاندنی یەکسانی ڕەگەزی لە نێو دیزاینى چالاکییەکانی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی بۆ سەرکردەکانی کۆمەڵگاکانی پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا و سەڵاحەیدن و لیژنەکانی ئاشتی و گفتوگۆی کۆمەڵگا لە دیالە و کەرکوکدا سازکرد.

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ لیژنەی گفتوگۆ و ئاشتی کۆمەڵایەتى، پشتیوانی لە 28 لیژنەی ئاشتی و گفتوگۆی کۆمەڵایەتى دەکات لە پێنج پارێزگادا کە ئەندامەکانیان لە نزیکەوە کاریان لەگەڵ کۆمەڵگاکانی خۆیاندا دەکرد بۆ برەودان بە ئاشتی و پلاندانان بۆ چالاکییەکان. وۆرکشۆپەکە گفتوگۆی لەسەر گرنگی یەکخستنی ڕەچاوکردنی ڕەگەزدە کرد بۆناو چالاکییەکانی کۆمەڵگا بەمەبەستى هاندانی ئافرەتان تا بەشداری بکەن و کارلێکیان هەبێت.

وێنە: فازڵ (دەستە چەپ لە پێشەوە). 2021

فازڵ حاتەم عەلی محەمەد، نوێژخوێن و ئەندامی لیژنەکانی ئاشتی و گفتوگۆی کۆمەڵگا لە بەعقوبە لە دیالە گوتی:

"لیژنەکانی ئێمە میکانیزمێکن بۆ پشتیوانیکردنی کۆمەڵگاکان دروستکراون  بۆ ئەوەی خەڵکی لەیەک نزیک بکاتەوە. تێگەشتن لە پەیکەربەندی ڕەگەزی لەناو کۆمەڵگای عێراقدا یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ئەندامەکانمان لە دۆخەکە تێبگەن ، بە چارەسەرکردنی کێشەکان و برەودان بە یەکێتیشەوە."

وێنە: ئاهەنگ (دەستە چەپ). 2021

ئاهەنگ ئەنوەر جەبار، پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، ئەندامی لیژنەی ئاشتی و گفتوگۆی کۆمەڵگا لە کەرکوک، گوتی:

"ئەگەر وڵاتێکی بەهێزمان بووێت، پێویستە ئافرەتان دەرفەتی یەکسانیان لە حوکمڕانیدا هەبێت. دەبێت لە هەموو ڕوویەکەوە بەهێز بکرێن، بە تایبەتی لە ڕووی بڕیاردان و متمانەبەخۆبوونەوە."

وێنە: محەمەد (ناوەڕاست). 2021

محەمەد عەبدولواحید عەباس، لە توزخورماتوو لە سەڵاحەدین، سەرۆکی لیژنەی ئاشتەوایی نێوخۆیى، گوتی:

"ئێمە هێشتا لە کۆمەڵگایەدا دەژین کە ناهاوسەنگی هەیە لە ڕەگەزدا. زۆر گرینگە پێشنیاری چارەسەر بکەین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جیاکارییەدا. ئەم وۆرکشۆپە یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئێمەى سەرکردەى  کۆمەڵگا تا بتوانین داوای بەشداریکردنی چالاکانەی ژنان بکەین لە بڕیارداندا."

وێنە: ڕائید (ئەوسەر لە دەستە ڕاستەوە). 2021

رائید ناسڕ شایا، لە بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆ لە تەل کێف و ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی ناوخۆ لە دەشتەکانی نەینەوادا، گوتی:

"وۆرکشۆپەکە یارمەتیدەرم بووە بۆ گۆڕینی تێگەیشتنم لە پەیکەربەندی ڕەگەزیدا، یارمەتیدەریشمان دەبێت لە برەودان بە چەمکی گشتاندنی یەکسانی ڕەگەزی کاتێك مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگادا دەکەین."

وێنە: عەفاف (لە دەستە چەپەوە). 2021

عەفاف عەبد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری قوتابخانە، لە قائیم لە ئەنبار، گوتی:

"ئەم ڕاهێنانە یارمەتیدەرم دەبێت لە کارکردن بۆ برەودان بە ئاشتی و بەشداریکردن لەلایەن هەموو ئەندامانی کۆمەڵگاوە."

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا لە 2020 دا بەرنامەی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی بەگەڕ خست کە ماوەکەی پێنج ساڵە بۆ برەودان بە کۆمەلگەیەکی بەهێزتر و ئاشتیخوازتر و گشتگیرتر لە هەموو عێراقدا. لە ئایاری 2021 دا، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا و ئەکادیمیای بێرنادۆت فۆڵک واژۆکرا بۆ باشترکردنی توانستە ناوخۆییەکان لە بنیادنانی ئاشتەوایی لە عێراقدا بە جەختخستنە سەر گشتاندنی یەکسانی ڕەگەزی لە بنیادنانی ئاشتەواییدا.