بەریتانیا و کەنەدا بەشداری دەکەن لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی و کەش هەوا لە عێراقدا

2022 June 29
UNDP In Iraq

 

بەغدا، عێراق، 29 حوزەیران 2022 ئەمڕۆ پرۆژەیەکی نوێ راگەیەنرا بۆ خێراکردنی ئەو ڕێكارانەی كە گیراونەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆرانكارییەكانی كەش وهەوا لە عێراقدا، بە هاوبەشیی لەنێوان بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و وەزارەتی ژینگە و بە كۆمەكییەكی داریی دەستكراوە لە لایەن شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا و کەنەدا.

ئەم پرۆژە سێ ساڵییە هاندەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا لە عێراقدا، و داڕێژراوە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانی كەش وهەوا و خۆگونجاندن لەگەڵ ئاکامەکانی، ئەمەش لەڕێگەی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، پەرەپێدانی سەرچاوەکانی وزەی نوێبووە و زیادکردنی خۆڕاگری بەرامبەر بە مەترسییەکانی گۆڕانی كەش و هەوا.

چاڵاکییەکان ئاراستەی ئەو کەلێنانە دەکرێن کە پڕکردنەوەیان دەتوانێت گۆڕانکاری سیستماتیک بەدیبهێنێت لەناو حکومەتی عێراق و کوردستان و یارمەتی دەریان دەبێت بۆ بەدیهێنانی خواستەکانیان لە بواری کەش و هەوا بەپێی رێککەوتنامەی پاریس. هەروها پاڵپشتی تەکنیکیی، بونیاتنانی زانیاری و پاڵپشتی بەگەڕخستن دابین دەکرێت بۆ عێراق بۆ یارمەتیدانی جێبەجێکردنی بەشدارییە نیشتیمانییە دیاریكراوەكانی عێراق لەگەڵ بایەخدانی تایبەت بە وزەی نوێکراوە، بەڕێوەبردنی ئاوە سنووربڕەکان و ئامادەباشیی بۆ وشکەساڵیی و کارەساتی تر. 

د.جاسم عەبدولعەزیز حەمادی، وەزیری ژینگە، گوتی:"حکومەتی عێراق شانازی بە پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی بەشداریی نیشتیمانیە دیارییكراوەكانی خۆی دەكات لە تشرینی یەكەمی 2021 دا. ئەم بەڵگەنامەیە وەک سیاسەتی باڵای وڵات دادەنرێت لە بواری گرتنبەری ڕێكارەكان لە بواری كەش وهەوادا و دەستپێشخەری یەکەم هەنگاوەکان دەکات بەرەو ئابوورییەکی هەمەچەشنتر و سەوزتر و هەروەها هانی بەکارهێنانی وزە نوێبووەکان دەكات، پێشخستنی سروشت لەرێی چارەسەری بنەمادارەوە، بەهێزکردنی بەڕێوەبردنی یەکگرتووی سەرچاوەکانی ئاو، و کەمکردنەوەی دەردانی ئەز گازانەی كەدەبێتە هۆی زیادبوونی گەرمى، لە کەرتی نەوت و گازدا .ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگە بۆ پشتگیریکردنی حکومەت بۆ ئەوەی بەشدارییە نیشتمانییەكانی دیاریكراوەكانی خۆی لە گشت وەزارەت و دام ودەزگاكانی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ بكات لەگەڵ بە گرنگیدانێکی بەهێز بە وزە، ئامادەکاری بۆ وشکەساڵی و بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی ئاو بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. وەزارەتەكەمان بەناوی حکومەتی عێراقەوە سوپاسی بەریتانیا و کەنەدا دەکات کە بەو كۆمەكییە دارییە دەستكراوەیە پشتگیریان لەم پڕۆژە گرنگە کردووە کە برەودەدات بە زیادکردنی خواستەكانی عێراق لە بواری كەش و هەوادا ."

مارک برایسن-ریچاردسن، باڵوێزی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە عێراق، گوتی: "گۆڕانی کەش و هەوا یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکان کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە و کاریگەری هەیە لەسەر ژیانی ملیۆنەها کەس و هەڕەشەیە بۆ تەندروستی و سەلامەتی، خزمەتگوزارییەکان و ئابوری. شانشينى یەكگرتووی بەریتانیا هاوبەشیی لەگەڵ حكومەتی عێراق دەکات بۆ ئەوەی بتوانیت مامەڵە لەگەڵ ئەم ئاستەنگیانەدا بكات. حکومەتی عێراق و زۆربەی جیهان پابەندبوونی خۆیان دووپات کردۆتەوە بە بڕیارەکانی كۆنگرەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆرنكارییەكانی كەش و هەوا كە ساڵی رابوردوو لە گلاسگۆ ئەنجام دار. گرنگترین كاریش كە بكرێت بریتیە لە بەکردار کردنی ئەم پابەندبوونانە. بۆیە شانشينى یەکگرتووەى بەریتانیا شانازی دەکات بەوەی بەشێکە لەم پرۆژە نوێیە."

هارجيت سجان، وەزیری پەرپێدانی نێودەوڵەتی کەنەدا، گوتی:" گۆڕانی کەشوهەوا قەیرانێکی بەکۆمەڵە كە پێویستە هەموومان پێکەوە ڕووبەڕووی ببینەوە. کەنەدا پابەند بووە بە یارمەتیدانی وڵاتانی وەک عێراق کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری توندیان لەسەرە، بۆ باشتر چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی و خۆگونجاندن لەگەڵ لێکەوتە زیانبەخشەکانی. پشتگیریمان بۆ ئەم پڕۆژەیە پابەندبوونی ئێمە نیشان دیاری دەخات و یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلی عێراق."

زێنە عەلی ئەحمەد، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، گوتی: "عێراق وەک پێنجەم دۆخناسکترین وڵاتی جیهان لە بواری گۆڕانی کەش پۆڵێنکراوە. عێراق رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی راستەقینە دەبێتەوە، وەک بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، دابەزینی رێژەی بارانبارین، سوێربوون و شەپۆلەکانی خۆڵبارین کە لەم دواییانەدا ئەزموونی دەکەین. ئێستا کاتی وەبەرهێنانی کاریگەرە لە بواری كەشوهەواد، ناتوانین چیتر چاوەڕوان بین. سوپاس بۆ حکومەتی شانشينى یەكگرتووی بەریتانیا و کەنەدا، نەک تەنها بۆ دابینكردنی كۆمەكی داریی ئەم پرۆژە گرنگە، بەڵکو بۆ نیشاندانی سەرکردایەتی و پابەندبوون بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا لە عێراقدا."

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر پرۆژەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكارییەكانی کەش و هەوا لە عێراق، تکایە سەیری لیستی زانیاریەكانی پەیوەندار بەم بابەتە بكە.

 

بۆ پەیوەندیکردنی میدیایی:

فەی داوود، fay.daoud@undp.org |+ 9647801976460