ڕۆژنامەوانیی هاوڵاتی: بنیادنانی ئاشتی لە عێراقدا لەڕێی ڕاگەیاندنەوە
2022 February 3
رۆژنامەوانى هاوڵاتى لەگەڵ ئەو بەکارهێنانە بەربڵاوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست بووە؛ بەهێزکردن و توانادارکردنی رۆژنامەوانە لاوەکان بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بە شێوەیەکی ئاکاری، زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لە عێراقدا بابەت و نوسراو و بلاوکراوە لەسەر ئاشتی ئەنجام بدرێت. پرۆژەی ڕۆژنامەوانى هاوڵاتى کە سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانە لە عێراقدا، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بۆ ١٢٠ خوێندکاری کۆلیژەکانی ڕاگەیاندن و ئەو نوسەرانە بەگەڕ خراوە کە لە بواری داکۆکیکردن لە بنیادنانی ئاشتی و برەودان بە پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیدا چالاکن لە پارێزگاى ئەنبار و بابل و بەغداد و بەسڕە و زیقاڕ و دیالە و کەربەلا و کەرکوک و نەجەف و نەینەوا و سەلاحەدین و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ڕۆژنامەگەریی هاوڵاتى لە ئێستادا لەگەڵ ڕێکخراوی پەرەپێدانی مەدەنیدا، کە هاوبەشێکی ناوخۆییە، وە پشتگیری لە حکومەتی ئەڵمانیاوە، دەستی پێکردووە و بنیادنانی توانستی ئەو کۆمەڵەیەش لەخۆ دەگرێت لەگەڵ راهێنانکردن بە ١٠٥ ئەندامی نوێ و پێشبڕکێیەکی کورتە فیلیمیش لەخۆ دەگرێت. ئەم قۆناغە سەرنج دەخاتە سەر بەرەنگاربوونەوەی (گوتاری ڕقئامێز و ڕێگریکردن لە توندڕەوی توندوتیژ) لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی و بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕۆژنامەگەری هاوڵاتى، بۆ برەودان بە پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ دروستکردن و برەودان بە ٥٠٠ بەرهەمی نوێی ڕاگەیاندن لەسەر سەکۆی (تەنەوع) لەلایەن هاوڵاتییە رۆژنامەوانە ڕاهێنراوەکانەوە. هەروەها کۆبوونەوە بۆ سەرچاوەکانی ڕاگەیاندن و پرۆفیسۆرانی دامەزراوە پەروەردەییەکانی راگەیاندن و چالاکوانان ڕێکدەخرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی مەودای ڕاگەیاندن و کەلێنەکان و دەرفەتەکان و کاریگەریەکانی ئەمانە لەسەر پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی لە عێراقدا.
لە مانگی کانونی دووهەمدا، دوو وۆرکشۆپی سێ ڕۆژە بۆ بەشداربووان لەهەریەکە لە پارێزگاکانى دیالە و دهۆک و هەولێر و کەرکوک و موسڵ و سەلاحەدین و سلێمانییەوە سازکرا بەمەبەستى سەنجخستنە سەر ئاکارەکانی ڕۆژنامەوانی و بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕقئامێز و توندڕەوی توندوتیژ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. ڕاهێنانی تر لە مانگی شوباتدا دەست پێدەکات بۆ ئەو پارێزگایانەی کە ماون.
لەیلا، ٢٥ ساڵ، لە نەینەوا لە کۆلیژی لێکۆڵینەوەی ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ، گوتی:
"لە شەنگال (نەینەوا) چەندان نەتەوە و ئاینی جیاواز هەن. دەمەوێت لەسەر پێکەوەژیانی نێوان یەزیدی و موسوڵمانان بنوسم و سەرنجی زیاتر ڕابکێشم بۆ ناوچەکە. ئەم چیرۆکانە لەڕێی بەشداریپێکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە ناوچەکانی تریشدا ڕەنگ دەدەنەوە."
خالید، ٣٠ ساڵ، لە دهۆک لە کۆلیژی هونەرە جوانەکان و شانۆ، گوتی:
"دەمەوێت زیاتر لەبارەى بنەماکانی دانانی هەواڵ بە پیشەییانە بزانم لەگەڵ ڕێگرتن لە پەیامە ڕقئامێزەکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. دەمەوێت دەربارەی کۆمەڵانی دۆخناسك بنوسم لەگەڵ پێکەوەژیان لە کامپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان و ئەو ناوچانەی لەلایەن داعشەوە کاریگەرییان کراوەتە سەر. لە ئێستادا ڕاگەیاندن جەخت دەخاتە سەر سیاسەت و ئابوری و بابەتی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی پشتگوێ خستووە."
ئەڤین، ٣٢ ساڵ، لە کەرکوک لە کۆلیژی یاسا، گوتی:
" دەمەوێت لەسەر یاسا پەیوەندیدارەکان بە پاراستنی رۆژنامەگەری بنوسم لەگەڵ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە."
بەکر، ٢٩ ساڵ، لە هەولێر لە کۆلیژی ڕاگەیاندن، گوتی:
"ڕاگەیاندن میتۆدێکی سەرەکییە لە گۆڕانکاریکردن لە کۆمەڵگەدا. ڕاگەیاندن و بەتایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرترین ڕێگەن بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ. بڵاوکردنەوەى ئەو بابەتانەی یارمەتیدەرن لە بنیادنانی ئاشتیدا کاریگەرییان بەسەر کۆمەڵگاوە دەبێت."
بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا بەرنامەی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی کە بەرنامەیەکی پێنج ساڵەیە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا خستە گەڕ بۆ برەودان بە کۆمەڵگای بەهێزتر و ئاشتیخوازتر و پێکەوەژیاوتر لە سەرتاسەری عێراقدا.