دەروازەیەک بۆ بەهرەی عێراقی لە کەرتی کشتوکاڵدا

2024 June 5

 

عێراق، هەولێر - 5ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و ئاژانسی ئەمریکى بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بە شانازییەوە دەرچوونی 200 ئافرەت لە خولی ڕاهێنان بۆ کارسازی لە کەرتی پیشەسازی خۆراکی کشتوکاڵی ڕایدەگەیەنێت.

بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاند: "پیشەسازی خۆراکی کشتوکاڵی توانایەکی بێئەندازەی هەیە بۆ گەشەی ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام لە هەرێمی کوردستان. لە ڕێگەی هاوبەشیمان لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و ئاژانسی ئەمریکى بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، هەنگاوێکی گرنگمان ناوە بەرەو بەکارهێنانی تواناکانی ئەم ئافەرەتانە، لە ڕێگەی ئامادەكردنیان بە کارامەیی و لێهاتوویی پێویست بۆ گەشەکردن لەم کەرتەدا".

بەشداربووان لە 9 شوێنی سەرانسەری هەرێمی کوردستان کە بریتین لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، سۆران، ڕاپەڕین، زاخۆ، و ئاکرێ، ڕاهێنانیان پێکرا لەسەر ئامادەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی جۆراوجۆر، ستراتیژییەکانی بە بازاڕکردن، و لێهاتوویی کارگێڕی کە بەپێی پێداویستییە تایبەتەکانی هەر شوێنێکدا بگونجێت."

بەڕێز ئاوكی لوتسما، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق گوتى: "ئەم هاوکارییە نموونەی پابەندبوونمانە بۆ پشتیوانیکردن لە گەشەپێدانی گشتگیر و بەردەوام لە عێراقدا. لەرێگەی وەبەرهێنان لە هێز و توانای بەکارنەهێنراوی ئافرەتانی عێراق، ئێمە نەک تەنها پەروەردەی بەهێزکردنی ئابووری دادپەروەرانە دەکەین، بەڵکو بەشداری لە پێشکەوتنی گشتی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین. ئەمەش بەبێ بەشداری بەخشندەی هاوبەشە چەسپاوەکەمان، لە ئاژانسی ئەمریکى بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، نەدەکرا".

خاتوو ئەلیس جێنسن، بەڕێوەبەری نێردەی ئاژانسی ئەمریکى بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتیلە  عێراق، گوتی "تەواوکردنی سەرکەوتووانەی ئەم ڕاهێنانە جەخت لەسەر گرنگی هاوبەشی لە هاندانی گۆڕانکاری ئەرێنی دەکات. بە پێکەوە کارکردن دەتوانین دەرفەت بۆ هەموو عێراقیەک دروست بکەین بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی گۆڕانکاری ببینێت لە پیشەسازی خۆراکی کشتوکاڵیدا و لە کۆتاییدا بەشداری بکات لە ئاسایشی خۆراک و خۆشگوزەرانی ئابووری لە عێراقدا".

ئەم بەرنامەیە جەختی لەسەر بەرهەمهێنانی بەرهەمی خۆراکی جۆراوجۆر دەكات، کە لکێنراوە بە خواستی بازاڕی ناوخۆ، ڕەنگدانەوەی ڕێبازێکی گشتگیرە بۆ بەهێزکردنی پیشەسازی خۆراکی کشتوکاڵی. بەشداربووان لەسەر کارامەیی جۆراوجۆر ڕاهێنران، لەوانە ترشیاتکردنی زەیتون و سەوزەوات، دروستکردنی مرەبا و سۆس، ئامادەکردنی شیرینی سروشتی، بەرهەمهێنانی سرکە و شەربەت، دروستکردنی دۆشاوی تەماتە، وشککردنەوەی سەوزە و میوە، و چۆنیەتیمامەڵەکردن لەگەڵ بەرهەمە بەستووەکان.

لە ڕێگەی ئەم ڕاهێنانەوە، حکومەتی هەرێمی كوردستان و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و ئاژانسی ئەمریکى بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئامانجیان ئەوەیە کە دەرچووانی ئەمڕۆ نەک تەنها بچنە ناو پیشەسازی خۆراکی کشتوکاڵییەوە، بەڵکو بتوانن بزنسی خۆیان دابمەزرێنن، بەمەش بتوانن بژێویژیانی خۆیان بە شێوەكی بەردەوام پەیدا بكەن و  هەروەهابەشداری بکەن لە گەشەی ئابووری عێراقدا.  

 

بۆ زانیاری زیاتر:

https://www.usaid.gov/iraq

 

کریستین کول، سەرۆکی تیم / هاوبەشییە ستراتیژییەکان، داکۆکیکردن و پەیوەندییەکان،

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق.

christine.cool@undp.org

 

محەمەد ئەلبەهبەهانی، راوێژگاریراگەیاندن و پەیوەندییەكان، 

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق.

mohammed.al-bahbahanee@undp.org