بەغدا، 7 حوزەیران 2020 - حکومەتی دانیمارک بڕی 6,000,000 کرۆنی دانیمارکی (نزیکەی 870,000 دۆلاری ئەمریکی) بەخشی بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراق لە بەدەنگەوەچوون بۆ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بە هاوبەشی لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق.
ئەم کۆمەکیە بەخشرا بە پاکێجی بەدەنگەوەچوونی گشتی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بۆ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کە بەڕێوەدەبرێت لەلایەن دامەزراوەی کۆمەکیکردن بۆ سەقامگیری و زیادکردننی توانستی تاقیگەکان بۆ پشکنین و دابینکردنی کەلوپەلی پارێزگاری کەسیی بۆ کارمەندانی تەندروستی و زیادکردنی ژمارەی قاوشەکانی دابڕاندن و برەودان بە پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتی چاکبوونەوەی پاش ئەم پەتایە لەخۆ دەگرێت.
بەخشینەکەی دانیمارك جەخت دەکاتەوە سەر پشتیوانیکردنی لیژنە ناوخۆییەکانی ئاشتی بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پەتایە، ئەم لیژنانە لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان و بە پشتیوانی دانیمارك لە 2018 دا دامەزران بۆ برەودان بە پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاشتی و سەقامگیری لە عێراقی پاش داعش. هەروەها کۆمەکیەکان بەکاردێت بۆ بەهێزکردنی توانستی گروپە کۆمەڵگەییەکانی گەنجان و ژنان بۆ خستنە ڕووی کێشە کۆمەڵایەتیەکان وەکو بیرۆکەی چەقبەستوو وە جیاکاریی لەنێو کۆمەڵگەکاندا.
پەیوەستدار بە پشتیوانیەکەی دانیمارك، وەزیری دەرەوەی دانیمارك، یەپی کۆفۆد، وتی:"پشتیوانیەکەی دانیمارك بۆ وەڵامی عێراق بۆ پەتای کۆرۆنای نوێ بەشێکە لە پشتیوانیە بەردەوامەکەمان بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە عێراقدا. بەراستی شتێکی هاندەرە کە دەبینین گروپە کۆمەڵگەییە ناوخۆییەکان هەنگاو دەنێن بۆ وەڵامی ئەم پەتایە و من دەستخۆشی لەو بڕە کارە زۆرە دەکەم کە لەلایەن گروپە کۆمەڵگەییەکان و بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان ئەنجامدراوە کە زۆر گرنگە بۆ هەوڵە هاوبەشەکانمان بۆ خاوکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە."
زێنە عەلی ئەحمەد، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، وتی:" پشتیوانیکردنی گروپەکانی کۆمەڵگە لە بەڕێوەبردنی پەتای کۆرۆنای نوێ کارێکی زۆر بەنرخە، لیژنەکانی ئاشتی ناوخۆیی لەگەڵ گروپە کۆمەڵگەییەکانی گەنجان و ژنان دەستپێشخەرییان کردووە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکانیان لەم پەتایە لەڕێی دەستپێشخەریەکانی وەکو پاکژکردنی شوێنە گشتیەکان و دابینکردنی سەبەتەی خۆراك بۆ خێزانە دۆخناسکەکان و دامەزراندنی نۆرینگەی تەندروستی جوڵاو. "
هەروەها وتیشی:" ئەم چالاکیانە یارمەتیدەرن لە خاوکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و لە هەمان کاتدا برەو دەدەن بە پێکەوە ژیانی کۆمەڵگەکان. ئێمە سوپاسگوزاری حکومەتی دانیمارکین بۆ ئەم بەخشینە باشەی و پابەندبوونە بەردەوامەکەیان بە عێراقێکی ئاشتیخوازەوە."
لە ساڵی 2015 ەوە دانیمارك هاوبەشێکی سەرەکی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و تا ئێستا بڕی 58 ملیۆن دۆلاری دابین کردووە بۆ سەقامگیری و پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی و چالاکیەکانی کەرتی ئاسایش.
بۆ زانیاری زیاتر، تكایە پەیوەندی بكەن بە:
فەی داوود، ڕاوێژكاری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكان