فینلەندا پیشتوانی عێراق دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕێی بەخشینێکی نوێوە

2020 June 30

بەغدا، 30 حوزەیران، 2020 – حکومەتی فینلەندا بڕی 2 ملیۆن یۆرۆ (2.2 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) بەخشی بۆ پشتگیری وەڵامی حکومەتی عێراقی بۆ پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بە هاوبەشی لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق.

ئەم کۆمەکیە بەکاردێت بۆ پشتگیری لە پاکێجی بەدەنگەوەچوونی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا کە بەڕێوەدەبرێت لەلایەن دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن سەر بە بەرنامەكە، ئەم دامەزراوەیە كار دەكات بۆ چاككردنەوەی ژێرخان و خزمەتگوزاریە گرنگەکان کە بەهۆی داعشەوە زیانیان لێکەوتبوو.

ڕێکاریەکان پاکێجی وەڵام بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسەکە بریتی دەبێت لە زیادکردنی توانستی پشکنینی تاقیگەکان و دابینکردنی کەلوپەلی پارێزگاری کەسیی بۆ کارمەندانی تەندروستی و زیادکردنی ژمارەی قاوشەکانی دابڕاندن و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن بۆ دامەزراندنی ستراتیژیەتەکانی چاکبونەوەی پاش ڤایرۆسی كۆرۆنا. بە جەختکردنەوە لە کۆمەڵگە دۆخناسکەکانی عێراق، چاڵاکیەکان لەو نەخۆشخانانە ئەنجام دەدرێن کە دەستنیشان کراون لەلایەن دەسەلاتدارانی ناوخۆیی ناوچە بێبەشەکانی ئەنبار، بەسرە، دیالە، دهۆک، کەربەلا، کەرکوک، نەجەف، نەینەوا و سەڵاحەدین.

زێنە عەلی ئەحمەد، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق وتی:" لەکاتێکدا هەموو وڵاتەکە کاریگەریی دەرکەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای لەسەرە، بەڵام کۆمەڵگە دۆخناسکەکان بە کۆمەڵگەکانی ئاوارەکانی ناوخۆ و کەمئەندامان و ژنان و بەساڵاچوان زۆرترین کاریگەری و فشاریان بەردەکەوێت. ئێمە زۆر سوپاسگوزاری پشتگیریە داراییەکەی فینلەنداین کە یارمەتیدەرمان دەبێت لە بەئامانجگرتنی ئەم کۆمەڵگە دۆخناسکانەدا."

باڵیۆزی فینلەندا بۆعێراق، بەڕێز ڤێزا هاکینێن، وتی:"عێراق دووچاری چەندان ئاستەنگی بۆتەوە لەکاتێکدا بەرەو چاکبونەوە دەڕوات لە ململانێیەکی دووروودرێژەوە. فینلەندا دەیەوێت پشتگیری سەقامگیری عێراق بکات لەگەڵ بەهێزکردنی ئامادەباشیەکەی بۆ وەڵامدانەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە هێلی پێشەوەی پشتگیریکردنی سیستەمی تەندروستی نیشتیمانی عێراقدایە لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ ئەم پەتایە."

فینلەندا یەکێکە لە هاوبەشە سەرەكییەکانی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و لە ساڵی 2015 ەوە تا ئێستا بڕی 12.1 ملیۆن دۆلاری دابین کردووە بۆ دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق.


بۆ زانیاری زیاتر، تكایە پەیوەندی بكەن بە:

فەی داوود، ڕاوێژكاری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكان